ئەمڕۆ ٢٧/١٢/٢٠٢١ کۆبوونەوەی کۆمپانیای شیکار بۆ توێژینەوە و راپرسی، بە هاوبەش لەگەڵ رێکخراوی فریاگوزاری میللی PAO لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبە سیاسیەکانی کوردستان سەبارەت بە کۆچی کوردستانیان بۆ هەندەران و خستنەڕووی دواهەمین ڕاپرسی سەبارەت بەم پرسە. بەڕێوەچوو. لە هەولیر/ هۆتێل شیراتۆن.
سەعد خالد جێگری سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەم كۆبوونەوەیە بەشداربوو، كە تێیدا بەشێكی زۆری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لەئاستی باڵا ئامادەییان هەبوو. لەم دیدارەدا كۆمپیانیای شیكار داتاو ئامارو راپرسی هەستیارو جێگای هەڵوەستەی خستەروو لەسەر كۆچی گەنجان و هۆكارو دەرەنجامەكانی. دەركەوت راپرسی و داتاكان هێجگار مەترسیدارن ئەگەر بێت و كاری جدیی لەسەر ئەم دیاردەیە نەكرێت.
سەعد خالد بۆ ئێستانیوز ئەوەشی خستە روو: ئێمە دەمێكە بەجدی باسی پرسی نیشتمانی و داهاتووی گەلی كوردستان و نەوەی داهاتووی ئەم خاكە دەكەین، دەمێكە باسی دەرەنجامە كوشندەكانی كۆچ و پەنابەری دەكەین. ئەم زەنگەمان زوو لێداوە، بەلام بەداخەوە وەك پێویست گوێمان لێ نەگیراوەو پێشنیارو چارەسەرەكانی ئێمە لەبەرچاو نەگیراوە. ئێستاش حزبی زەحمەتكێشان داوای چارەسەری نیشتمانی و دادپەروەری و شەفافیەت و ئیرادەی سیاسی دەكات بۆ ئەوەی بە زوویی كار لەسەر پرسی كۆچ و كۆچی گەنجان بكرێت. تاوەكو لەوە زیاتر توشی دەرهاویشتەی مەترسیدار نەبین. بەتایبەت ئێستا كە رۆژانە تەرمی گەنجەكانمان دێتەوە نیشتمان و ئەوانەشی دەگەنە وڵاتان هەر مەترسیدارە چونكە وزەو توانایان لە نیشتمان نامێنێت و داهاتوومان دەكەوێتە مەترسیەوە، چونكە هێشتا ئێمە خاوەنی قەوارەی دەولًەت و سنوری چارەسەری پرسی نەتەوەییو نیشتمانی خۆمان نین.