دوای ئەوەی شەوی 25ی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی تورکیا بارەگای رێکخراوی (لاوانی شۆڕشگێر)ی له شاری كۆبانی رۆژئاڤای کوردستان بۆردومانکرد و هێرشەکەش شەهید و برینداری لێکەوتەوە، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، بۆردومانەکان سەلماندنی چۆنیەتی مامەڵەی ئەنقەرەیە لەگەڵ پرسی کورد لەسوریا و داوای راگرتنی هێرشەکان دەکەن.
مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر ئاماژەی بەوەشکردوە، “ئەو هێرشەی تورکیا کە لە یەکێک لە ماڵەکانی کۆبانیدا بارەگای رێکخراوێکی لاوانی کردە ئامانج، بەهۆیەوە پێنج کەس شەهیدبون و چوار کەسی دیکەش برینداربون، ئەو هێرشەش بەردەوامیی هەڵسوکەوتی داگیرکارییە و سەلماندنی چۆنیەتی مامەڵەی تورکیایە لەگەڵ پرسی کورد لەسوریا”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، “بەردەوامی هێرشەکان لێدانە لەئاسایش و ئارامی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بۆیە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین”.
فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات کاربکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا کە هاوڵاتیانی مەدەنی بەئامانج گرتوە ، هەروەها هێرشەکەی ئەنقەرە لێدانە لەهەوڵەکانی بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا.
شەوی 25ی ئەم مانگە روانگهی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ رایگهیاند، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا بارەگای رێکخراوی (لاوانی شۆڕشگێر)ی له شاری كۆبانی رۆژئاوای کوردستان بۆردومانکرد و روداوەکەش شەهیدبونی پێنج کەس و برینداربوونی چوار کەسی دیکەی لێکەوتەوە.
