هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرۆکایەتی دەکرێت رایگەیاند، لەم کاتەدا هێزە شەڕکەرەکانیان لەعێراق کشاندوەتەوەو بەشێک لەو هێزانەش کە ماونەتەوە رۆڵی راوێژکاری و راهێنان بە هێزەکانی عێراق جێبەجێ دەکەن.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، لە رۆژی 9ی ئەم مانگەوە هیچ هێزێکی شەڕکەری ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق بونی نەماوە، چونکە ئەوان پێشوتر خشتەیەکی دیاریکراویان داناوە بۆ کشانەوەی هێزەکانیان ئەویش وەک بەشێک لە بەرئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و واشنتن.
ئەوەش هاتوە، لەئێستادا هێزەکانی عێراق لەناویشیاندا پێشمەرگە توانای روبەڕوبونەوەی هەڕەشە و ئاستەنگییە ئەمنییەکانیان هەیە لەکاتێکدا بەهۆی هێرشەکانی داعش دروست دەبن.
لەبارەی ئەرکی داهاتوشیان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەو هێزانەی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لەعێراق دەمێننەوە رۆڵی راوێژکاری و راهێنان بە هێزەکانی عێراق جێبەجێ دەکەن.