جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، واژۆی لەسەر بودجەی سەربازیی ساڵانەی وڵاتەکەی کرد، کە بڕەکەی 770 ملیار دۆلارە، ئەوەش لەدوای ئەوە هات، کە پێش نزیکەی دوو هەفتە کۆنگرێس پڕۆژەیاساکەی تێپەڕاندبوو.
رۆژی دووشەممە 27-12-2021 کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا یاسای بودجەی ساڵانەی بەرگریی ئەمریکای ناسراو بە یاسای رێگەپێدانی خەرجییەکانی بەرگریی نیشتیمانی NDAA بۆ ساڵی 2022 واژۆکرد. بەپێی یاساکە مووچەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بەرزکراوەتەوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە 363 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 70 دەنگی نەخێر یاساکەی پەسندکردبوو. دواتریش ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە 15ی مانگدا بە 89 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 10 دەنگی نەخێر یاساکەی تێپەڕاند.
لە یاسای بودجەی سەربازیی ئەمریکا، 345 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاری هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە و 177 ملیۆن دۆلاریش بۆ هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات و مغاویر ئەلسوار دابینکراوە.
ساڵی رابردوو ئەمریکا 510 ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق و 200 ملیۆن دۆلاری بۆ سووریا دابینکردبوو، لە نێو یاساکەی ئەمساڵدا، 257 ملیۆن دۆلار بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخانکراوە و 5 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پوما، تەرخانکراوە، هەروەها 12 ملیۆن دۆلاریش بۆ بەردەوامی تواناکانی هێزەکانی پێشمەرگە و 240 ملیۆن دۆلاریش بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە، کە ساڵی رابردوو ئەمریکا ئەو مووچەیەی لە یاساکە دانەنابوو.
لەدوای واژۆکردنی یاساکە، جۆ بایدن لە راگەیێندراوێکدا گوتی یاساکە سوودی گرنگ بەرەوپێشچوونی دادگەری بۆ سەرباز و خێزانەکانیان دابیندەکات.
خەرجییە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2022 بە بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی 5٪ زیادکردووە. هاوکات بە رێژەی 2.7٪ مووچەی سەربازانی بەرزکردووەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا رێگە بە سوپا دەدات فڕۆکەی زیاتر و کەشتیی دەریایی زیاتر بکڕێت.
جیا لەوەش بەشێکی بودجەکە تەرخانکراوە بۆ ستراتیژیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە جیۆسیاسییەکانی وەکو چین و رووسیا.
هاوکات، لە بودجەکەدا، 300 ملیۆن دۆلار لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی یارمەتیدانی ئاسایشی ئۆکراینا دابینکراوە کە پاڵپشتی دارایی دەداتە سوپای ئۆکراینا. هەروەها 4 ملیار دۆلار بۆ دەستپێشخەریی بەرگریی ئەوروپا و 150 ملیۆن دۆلاریش بۆ هاوئاهەنگیی ئاسایشی وڵاتانی بەلتیک تەرخانکراوە.
بەگوێرەی یاساکە، ئەنجوومەنێکی 16 ئەندامی پێکدەهێندرێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە شەڕی ئەفغانستان بکات کە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بە کشانەوەی ئەمریکا لەو وڵاتە کۆتاییهات.