وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئاشكرای كرد، بەنیازن زیاتر لە 110 كۆچەری تری عیراقی لە سنورەكانی بیلاڕوسیا و پۆڵەنداوە بگەڕێننەوە، ئەوەش لەسەر خواستی خۆیان.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتەكە رایگەیاندووە، 110 كۆچەری تری عیراقی كە لەسەر سنورەكانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە دەگەڕێنرێنەوە، ئەوەش دوای بەدواداچونەكانی وەزارەت و باڵیۆزخانەی عیراق لە پۆڵەندا.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، گەڕانەوەی ئەو كۆچەرانە لەسەر خواستنی خۆیانە و گەشتەكان بۆ فڕۆكەخانەكانی بەغدا و هەولێر ئەنجام دەدرێن.
لەماوەی رابردودا قەیرانی كۆچەران لەسەر سنورەكانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا دروست بوو و كە هەزاران كۆچەر بەنیازی چونە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا چونە ئەو سنورە، بەڵام رێگریان لێكرا و كۆچەران كە بەشێكی زۆریان كورد بوون بەهۆی سەرما و برسێتییەوە كەوتنە بارودۆخێكی نالەبارەوە، تاوەكو ئێستاش نزیكەی 4 هەزاریان بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە.