وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵی نوێدا پابەندی بەستنی ماسک و دوری کۆمەڵایەتی بن، دەشڵێت “هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ئۆمیکرۆن تۆمار نەکراوە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ریاز عەبدولئەمیر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لە کاتی سازکردنی ئاهەنگەکانی شەوی سەری ساڵی نوێ پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن.
ریاز عەبدولئەمیر ئەوەشی خستەڕوو: بڕیاریانداوە کە تیمێکی تەندروستی چاودێری شوێنەکان بکەن بە ئامانجی چاودێریکردنی گرتنەبەری رێکارە خۆپارێزییەکان.
دەشڵێت “لە ئێستادا دۆخی کۆرۆنا لە عێراقدا ئاساییە، بەڵام ئەگەر هاووڵاتییان پابەند نەبن ئەوا دۆخەکە خراپدەبێت و بەوەش وڵات لەبەردەم شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنادا دەبێت، جگە لەوەی ترسی بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن زیاتردەبێت”.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی عێراق باسی لەوەشکرد: تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە زنجیرەی گۆڕاوی “ئۆمیکرۆن” لە عێراقدا تۆمار نەکراوە.