وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند، دیمەشق خواستی رێککەوتنی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەیە، بەڵام هەرکاتێک لەگەڵ هەسەدە گفتوگۆ دەکەن، ئەمریکا دەستوەردان و فشار لەسەر هەسەدە دروست دەکات و رێگەنادات رێککەوتنەکە بگاتە ئەنجام.
فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا لەلێدوانێکدا باسی لەوەشكردوە، حکومەتی وڵاتەکەی باوەڕی وایە هەندێک لە کردەوەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەباکوری سوریا “جێگەی قبوڵکردن نین و نابێت هەسەدە پشت بە ئەمریکا ببەستێت، چونکە بیرۆکەی پارچەکردنی وڵاتەکەمان هیچ کاتێک سەرناگرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمریکا لەباکوری سوریا 57 هەزار کەسی لە کەمپی هۆل راگرتوە کە زۆرینەیان منداڵن
پێشوتریش هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاندبو، “لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە دیمەشق ئامادە نییە بۆ هیچ چارەیەکی سیاسی لە سوریا، بەڵکو هەڕەشەکانی تورکیا لە خاکی سوریا و دۆخی خراپیی ئابوریی گەلی سوریا دەقۆزێتەوە بۆ بەرژەوەندیی پەلکێشی هێزەکانی و زیاترکردنی هەژمونی و گەڕاندنەوەی سوریا بۆ پێش ساڵی 2011، بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ هەمو لایەنەکان بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و روسیای فیدراڵ کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەیەکی راستەقینە بۆ قەیرانی سوریا، بە شێوەیەک داواکارییەکانی گەلی سوریا بە هەمو پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بەدیبهێنێت