هێزێکی هەواڵگری و ئاسایش لە کەرکوک دەستگیرکردنی “شانەیەکی تیرۆریستیان” راگەیاند کە پلانی هێرشکردنە سەر بارەگایەکیان هەبووە لەپارێزگاکە.
بەپێی راگەیەنراوێکی هەواڵگری ئاماژە بەوەشكراوە: شانەکە لە چوار کەس پێکهاتوون و پلانیانداناوە بۆ هەڵکوتانە سەر بینای تەسفیرات لەکەرکوک.
ئەوەش هاتووە: دەستگیرکراوەکان دانیان بەوەداناوە کە چاودێری شوێنەکەیان کردووە و زانیارییان کۆکردووەتەوە لەبارەی ژمارەی بورجی پاسەوانی بیناکە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە یەکێک لە دەستگیرکراوەکان هەستاوە بە پێدانی ناوی ئەو هاوڵاتییانەی هاوکاری هێزە ئەمنییەکان دەکەن بە داعش، یەکێکی دیکەیان بەڵگەنامەی ساختەی داوەتە داعش بۆ ئەوەی چەکدارەکانی بتوانن هاتوچۆ بکەن و خۆیان لە هێزە ئەمنییەکان بشارنەوە.