ئیسرائیل كەرتی غەززەی بۆردوومانكرد

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند چەند هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر کەرتی غەززە، ئەوەش دوای رۆژێک لەوە دێت، کە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حەماس چەند مووشەکێک ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کران.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، کە لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە تۆمارکراوە، دەردەکەوێت سێ تەقینەوەی گەورە روودەدەن و دەنگی فڕۆکەی شەڕکەریش دێت.

تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانیی بۆردوومانکردنەکە و شوێنە بە ئامانجکراوەکە ئاشکرا نەکراوە.

هێرشەکەش رۆژێک دوای ئەوە دێت، کە چەند رۆکێتێک لەو بەشەی کەرتی غەززەی ژێر دەسەڵاتی حەماس بە ئاراستەی ئیسرائیل تەقێندران و لەنێو دەریای نێوەڕاست کەوتنە خوارەوە.

هێشتا روون نەبووەتەوە ئەو رۆکێتانەی هاوێژرابوون ویستبوویان ئیسرائیل بکەنە ئامانج یاخود نا، بەڵام ئەو هێزانەی لە غەززە نیشتەجێن، زوو زوو مووشەک بەرەو دەریا دەهاوێژن. هاوکات، هیچ زیانێکی گیانی لە مووشەکبارانەکەی رۆژی شەممە نەبوو.

لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، دوای شەڕێکی چەند رۆژە، ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیێندرا، لەو کاتەوە ئەوە دووەمجارە هەردوولا بۆردوومانی یەکدی دەکەن.

پەیوەندیدار