بۆچی تورکیا دەستی بە بۆردومان کردۆتەوە ؟

لە کاتێکدا کە مرۆڤایەتی لەسەرتاسەری جیهان بە ئاهەنگەکانی پێشوازیکردن لە ساڵی تازەی 2022 سەرقاڵبوو، تورکیا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دەڤەری زاخۆ و ئامێدی و برادۆستەوە تا دەگاتە چیاکانی ئاسۆس و ماوەت و شارباژێڕ دەستی بە بۆردومانێکی تازەی فڕۆکە کردۆتەوە.

ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە ئەنجامی بۆردوومانەکە وەک هەر جارێکی دیکە بە ئامانج گرتنی خەڵکی سڤیل و سووتانی ڕەز و باغی خەڵکی ئەو ناوچانە بووە.

شایانی باسە، هۆکارەکانی پشتی دەستپێکردنەوەی ئەو بۆردومانانەی سوپای تورکیا پەیوەندیان بە بارودۆخی ناوخۆی تورکیا و شکستی سوپاکەی لە ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانی دەگەڕێتەوە.

لە سەر ئاستی ناوخۆدا تورکیا بە هۆکاری دابەزینی بەهای درواەکەی رووبەڕوی گەورەترین قەیرانی ئابووری بۆتەوە، بە شێوەیەک کە لە ئێستادا بەهای لیرەی تورکی ٦٠٪هێزی جارانی لە دەستداوە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرامبەر بە دۆلار.

هەروەها رێژەی هەڵئاوسان لە ئابووری تورکیا رۆژبەرۆژ لە زیادبوون دایە لە ئێستادا رێژەی هەڵئاوسان هەیشتۆتە ٣٠٪ ، بێکاری و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکیەکان لە ناویشیاندا نان رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات، بەرپرسانی تورکیا هەرچی دەکەن ناتوانن چارەسەری ئەو قەیرانە ئابوریە بکەن.

لەسەر ئاستی دەرەکیش شکستی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیا، لە ساڵی رابردوو کە بۆسەر باشوری کوردستان دەستی داوەتێ، بە تایبەت ئۆپراسیۆنە فراونەکەی مانگی نیسان بۆسەر ناوچەکانی (گارە و مەتین و زاب و ئاڤاشین)

هەروەها ئەو کۆسپانەی کە لەسەر ئاستی دەولی بۆ هێرشکردنە سەر رۆژاوای کوردستان بۆی درووستبوون، وای لە سوپای تورکیا کردووە کە پەنا بۆ بۆردوومانی فڕۆکە ببات، بۆردومانێک کە تیایدا دەوڵەتی تورکیا دەست لە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیاویش نەپارێزێت.

بە پێی راگەیندراوی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل کە سەر بە (PKK )یە، دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی رابردوو دوو هەزار و ٤٦١ هێرشی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، لە نێو ئەو هێرشانەدا ٣١٧ بە چەکی کیمیاوی بوونە.

شایانی باسە، بە پێی زانیاریەکانی بەردەست لە کۆی ئەو هێرشانەدا سوپای تورکیا تەنیا ناوچەیەکی کەمی لە (چیای مەتین و برادۆست) داگیرکردووە، کە ئەمەشیان بۆ هێزێکی گەورە و پڕ چەکی سوپای تورکیا شکستێکی گەورەیە، بۆیە سوپای تورکیا وەک کاردانەوەیەک دێت رقی شکستە سەربازیەکەی بە خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان دادەرێژێت.

لە لایەکی دیکە بە هۆکاری وەرزی سەرماوە دەبێت سوپای تورکیا بە ناچاری هێزەکانی لە ناوچە سەختەکان پاشەکشە پێبکات.

تورکیا لە ساڵانی رابردوو لە سیاسەتی هەناردەکردنی قەیرانەکانی بۆ دەروەی وڵاتەکەی تا رادەیەک سەرکەوتوو بووە، بەڵام ئەمجارەیان قەیرانە ناوخۆیەکانی هاوکاتن لەگەڵ شکستە سەربازیەکانی، بۆیە دێت خاڵی لاوز و بێ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەقۆزێتەوە هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکە پێشکەوتوەکانی.

هیوا سه‌ید سه‌لیم

پەیوەندیدار