ئەمڕۆ و سبەی موچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێت

بڕیارە ئەمڕۆ موچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان دابەشبکرێت و رۆژی سێشەممەش، یه‌كه‌كانی 70 و 80ی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری موچە وەردەگرن.
به‌پێی ئه‌و خشته‌یه‌ی مووچه‌ كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ بۆ گه‌نجینه‌ نێردراوه‌، سبه‌ی سێشه‌ممه‌ 4/1/2022، مووچه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و یه‌كه‌ی 70 و 80ی پێشمه‌رگه‌ دابه‌ش ده‌كرێت.
دوێنێ 2/1 موچەی وەزارەتی تەندرووستی وەک یەکەم وەزارەت دابەشکرا، دوای هەفتەیەک لەوادەی دیاریکراوی خۆی، پێشتر ئەنجومەنی وەزایرانی هەرێم بڕیاریدا بوو هەموو ٢٥ی مانگێک مووچە دابەشبکرێت.
لەلایەكی دیكەوە فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند، بڕیاری ناردنی 200 ملیار دینارەكەی هەرێم دراوە و پارەكەش تاوەكو پەسەندكردنی بودجەی 2022 بەردەوام دەبێت.
وتوشیەتی، لە رۆژانی داهاتوو پارەكە دەخرێتە سەر هەژماری حكومەتی هەرێم، لە ئێستادا تیمی چاودێری دارایی عیراقی لە هەولێرە و وردبینی كۆتایی بودجەی ساڵی رابردوو دەكات و ئامادەكاری بۆ بودجەی ساڵی نوێ دەكرێت.
نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم جەختی لەوەش كردووەتەوە، تاوەكو ئێستا پرۆژە یاسای بودجەی 2022 ئامادە نییە و دەنگی لەسەر نەدراوە، تاوەكو ئەو كاتەی پرۆژە یاساكە ئامادە دەكرێت دەبێت بودجەی پێویست بۆ هەموو عیراق دیاری بكرێت و بۆ هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە دەبێت.

پەیوەندیدار