مامۆستایەکی زمانی کوردی لە سنە زیندانی دەكرێت

سەرۆکی دادی پارێزگای سنە داواکاریی زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی بۆ پێداچوونەوە بە پێنج ساڵ زیندانیکردنی رەتکردەوە و ماوەیەکی کورتی بۆ دیاریکرد بۆئەوەی خۆی رادەست بکات.
ئەنجوومەنی ئەدەبیی نۆژین، کە بەڕێوەبەرەکەی زارا محەممەدییە بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام ئاماژەی بەوە کردووە، “دوای هەوڵێکی زۆر بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای نادادپەروەرانەی زارا محەممەدی لە دادگەی بەرایی، دادگەی پێداچوونەوە و دادگەی باڵا، بەداخەوە جارێکی دیکە سەرۆکی دادی پارێزگای سنە سزاکەی بەسەر زارادا سەپاندەوە و سزاکەشی رەوانەی نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکان کردووە”.
لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شاری سنە رۆژی16-02-2020 بە تۆمەتی “پێکهێنانی گرووپ و کۆمەڵە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی” بە 10 ساڵ زیندان سزای بەسەر زارا محەممەدیدا سەپاند، بەڵام دادگەی پێداچوونەوەی پارێزگای سنە سزاکەی بۆ 5 ساڵ کەمکردەوە.
زارا محەممەدی رۆژی 23-05-2021 لە شاری سنە دەستبەسەر کرا، بەڵام دواتر بە کەفالەت ئازادکرا.
زارا محەممەدی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئەدەبی نۆژین بوو. ئەو رێکخراوە زیاتر لە بواری فێرکردنی زمانی کوردی، بوارە کولتوورییەکان و یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماودا چالاک بووە. ئەنجوومەنەکە مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی ئێرانی هەیە.

پەیوەندیدار