فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا باس لەوە دەكات، بڕیاری ناردنی 200 ملیار دینارەكەی هەرێم دراوە و تاوەكو پەسەند كردنی بودجەی 2022 بەردەوام دەبێت.
فارس عیسا لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا وتویەتی، بڕیاری ناردنی 200 ملیار دیناری تری پشكی هەرێم دراوە و ناردنی پارەكەش بۆ مانگی 12ی ساڵی رابردووە.
وتوشیەتی، لە رۆژانی داهاتوو پارەكە دەخرێتە سەر هەژماری حكومەتی هەرێم، لە ئێستادا تیمی چاودێری دارایی عیراقی لە هەولێرە و وردبینی كۆتایی بودجەی ساڵی رابردوو دەكات و ئامادەكاری بۆ بودجەی ساڵی نوێ دەكرێت.
نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم جەختی لەوەش كردووەتەوە، تاوەكو ئێستا پرۆژە یاسای بودجەی 2022 ئامادە نییە و دەنگی لەسەر نەدراوە، تاوەكو ئەو كاتەی پرۆژە یاساكە ئامادە دەكرێت دەبێت بودجەی پێویست بۆ هەموو عیراق دیاری بكرێت و بۆ هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە دەبێت.