وەزارەتی پێشمەرگە: بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق پێویستە

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق رایگەیاند، هەرچەندە بونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەگرنگ و پێویست دەزانن، بەڵام لە بنەڕەتدا ماوەیەکی زۆرە هێزە شەڕەکەکانی ئەمریکا لەعێراق کەمکراونەتەوە و زیاتر رۆڵیان بوەتە راهێنان و راوێژکاری، ئەو هەنگاوەشیان بوەتەهۆی بە‌هێزکردنی توانای پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، “بونی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکامان بە پێویست زانیوە هەم لە ڕوی پاڵپشتی توانستی و لۆجستی و ڕاوێژکاریەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆرستانی داعش و هەمو تیرۆرستان”.
وتوشیەتی، بەپێی رێككەوتنی نێوان هەردو وڵات تەنها هێزە شەڕكەرەكان دەكشێنەوە كە خۆی لە خۆیدا بۆ ماوەیەكی زۆرە ئەو هێزانەی ئەمریكا ژمارەیەكی كەمیان لە ناو خاكی عیراقدا ماون و بەشدارییان لە مەیدانی جەنگدا سنوردار بوە و هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عیراق بەشداری فراوانیان كردوە.
لەبارەی ئەرکی داهاتوی هاوپەیمانانیش ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، “ئێستا بە هاوکاری و پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان بەهێزتر بون و زیاتر ئامادەی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆرستانن و هێزەکانی ئەمریکا وەکو ئەرکی ڕاوێژکاری و پاڵپشتی لە عێراق دەمێننەوە کە ئەمە لەم کاتەدا زۆر بەهادارتر و پر ئەنجامتر دەبێت و یارمەتی و پاڵپشتی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان دەبێت بۆ بەرەوپێشچونی ئەم هێزانە”.

پەیوەندیدار