سەرەڕای وەرگرتنی سێ ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا تووشی ڤایرۆسەکە بووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بە شێوەیەکی خێرا لە سەرتاسەری ئەمریکا بڵاودەبێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 02-01-2022 پێنتاگۆن [وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا] رایگەیاند، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا تووشی کۆرۆنا بووە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو نیشانانەی لە ئۆستن دەرکەوتوون “سووکن” و ئۆستن بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە ماڵەکەی کەرەنتین دەکرێت.
هاوکات، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، بە تەواوەتی ڤاکسینی وەرگرتووە و لەگەڵیشیدا ڤاکسینی بەهێزکەری وەرگرتووە؛ ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، وایکردووە کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەسەری کەمتر بێت.
ئۆستن باسی لەوەش کردووە، ڤاکسین کاری خۆی دەکات و “وەکو کەرەستەی تەندروستی بۆ جەنگان دژی ڤایرۆس دەمێنێتەوە” و پێشنیازی کردووە هەموو ئەوانەی تەمەنیان گونجاوە، ڤاکسینی بەهێزکەر وەربگرن.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، دوایین جار کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای بینیوە 21ـی مانگی کانوونی یەکەمی 2021 بووە. زیاتر لە هەفتەیەک بەر لەوەی نیشانەکانی کۆرۆنای لێ دەربکەوێت، ئۆستن پشکنینی کۆرۆنای کردبوو و ئەنجامەکەی نێگەتیڤ بوو.
وەزیرە ئەمریکییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ماوەی کەرەنتیندا، “ئەوەندەی بکرێت”بە شێوەیەکی ئۆنلاین بەشداریی لە هەموو کۆبوونەوە گرنگەکاندا دەکات.
لەم دواییەدا، ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکاش ئاشکرایان کرد کە تووشی کۆرۆنا بوون. پێشتریش جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021 تووشی کۆرۆنا بوو.
گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بە شێوەیەکی خێرا لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە و بە شێوەیەکی گشتیش بۆ ماوەی یەک هەفتە دەبێت لەسەر یەک رۆژانە نزیکەی 400 هەزار تووشبوون بە کۆرۆنا لەو وڵاتەدا تۆماردەکرێن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە 204 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری ئەمریکا کە دەکاتە 62%ی کۆی ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکا، لانیکەم دوو قورچک ڤاکسینیان وەرگرتووە.
ئەمریکا لە ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پلەی یەکەمی لە سەرتاسەری جیهاندا گرتووە، بە شێوەیەک کە تاوەکو ئێستا 56 ملیۆن و 142 هەزار و 175 کەس لەو وڵاتەدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش 847 هەزار و 408 تووشبووی پەتاکە گیانیان لەدەستداوە.