لە ماوەی 8 ساڵدا 36 هەزار کەس لە هەرێم خانەنیشین کراون و کەمترین موچەش بۆ خانەنشین لەهەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار دیاری کراوە.
حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتی خانەنیشینی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە،”لەماوەی 8 ساڵی ڕابردوو، (لەساڵی 2014 تا 2021) نزیکەی 36 کەس لەهەرێمی کوردستان خانەنیشین بوون”.
ئاماژەی بەوەشداوە،” ئێمە لە کوردستان کار بەچوار جۆری ساڵانی خزمەتو رێژەی تەمەن دەکەین بۆ دیاریکردنی ڕێژەیی پارەی خانەنیشین، کە ئەوانیش بریتین لەوانەی 15 ساڵ خزمەتیان هەیەو تەمەنیان 45 ساڵە، موچەی بنەڕەنیان جارانی 2% ساڵانی خزمەت دەکرێت، هەروەها ئەوانەی 25 ساڵ زیاتر خزمەتیان هەیەو موچەی بنەڕەتیان جارانی لە 2.5% ساڵانی خزمەت دەکرێت، لەگەڵ ئەوانەی 32 ساڵ خزمەتیان هەیە بە 80% موچەی بنەرەتی خانەنیشین دەکرێت، گروپی چوارەمیش بریتین لە مامۆستایانی زانکۆ، ئەوانەی خزمەتیان 25 ساڵە و تەمەنی یاسایی خۆیان تەواو کردووە، موچەی بنەڕەتیان جارانی دوو دەکرێت، ئێنجا خانەنیشین دەکرێن.
روونیشیكردووەتەوە،ڕێژەی تەمەنیش بۆ خانەنیشین بوون بریتییە لەوانەی تەمەنی 45 ساڵ و 15 خزمەتیان هەیە ئارەزومەندانە خانەنشین دەکرێن، یان تەمەنی 63 ناچارییە، بەڵام سەرۆکی حکومەت دەسەڵاتی هەیە بەپێی پێویستی سێ ساڵ ماوەکەی بۆ درێژ بکاتەوە، هەروەها تەمەنی 66 ساڵی بۆ خانەنیشین بوون، تایبەت بە مامۆستایانی زانکۆ ئەوانەی نازناوی زانستیان مامۆستا و مامۆستای یاریدەدەرە، لەگەڵ تەمەنی 70 بۆ مامۆستایانی زانکۆ پرۆفیسۆرو پرۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستایانی ئاینی ئیمام و خەتیب”.
لەبارەی رێژەی موچەی خانەنشینی حازم گۆران وتی: کەمترین موچەی بۆ خانەنیشین لەهەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار دیاری کراوە، کە بەشی زۆری هێزە ئەمنییەکان بەو ڕێژەیە خانەنیشین دەکرێن، بەڵام ئەوانەی خاوەن بڕوانامە و خزمەت و تەمەنی تەواون، بەشی زۆریان بە موچەی 80% بنەڕەتی خانەنیشین دەبن.
ئەوەشی خستووەتەروو،” لەماوەی 8 ساڵی ڕابردوو موچەی ئەو 36 ھەزار خانەنیشینە نزیکەی لە 60% موچەکانیان لەدوای خانەشینبوونیان کەمبووەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ فەرمانبەرێکی بەشێوەیەکی فەرمی دانەمەزراندووە، تەنها ئەوانە نەبێت بەپلەی تایبەت، یان لەرێگەی واستەوە دامەزراون، کە ئەوەش رێژەیەکی دیاریکراوەو ئاماری ورد لەو بارەوە نەخراوەتەڕوو.
بێستون لەتیف