لە باکوری خۆرئاوای نەیجیریا ٢٠٠ کەس کوژران

لە ئەنجامی هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر گوندەکانی ویلایەتی زامفارا لە باکوری خۆرئاوای نەیجیریا ٢٠٠ کەس کوژران.

دانیشتوانی گوندەکانی ویلایەتی زامفارا لە باکوری خۆرئاوای نەیجیریا رایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرەشەکانی گروپە چەکدارییەکان کە لە تۆڵە و وەڵامدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئەو وڵاتە ئەنجامانداوە کە هەفتەی رابردوو کردیانە سەریان، ٢٠٠ کەسیان کوشتووە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی سوپای نەیجیریا توانیویەتی دۆخەکە کۆنتڕۆلبکات، دانیشتوانی گوندەکە توانیویانە ئەو کەسانەی لە ئەنجامی هێرشی گروپە چەکدارییەکان کوژراون، بە خاک بسپێرن.

عومەر ماکیری، یەکێک لە دانیشتوانی ناوچەکە کە هاوسەرەکەی و سێ منداڵەکەی لە هێرشەکەیدا کوژراون ئاماژەی بەوەدا، توانیویانە تەرمی ١٥٤ کەس بەخاک بسپێرن کە بەشێکیان پاسەوانی ناوچەکە بوون.

بەشێک لە شایەتحاڵەکانی دیکە وتوویانە، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی کوژراون ٢٠٠ کەسن.

ئاژانسی ژهەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، رۆژی شەممە لە ناوچەی ئانکار لە ویلایەتی زامفارا نزیکەی ٣٠٠ چەکدار کەبە رێگر ناوی بردوون، لە رێگەی بەکار هێنانی ماتۆڕسکیلەوە چونەتەناو هەشت گوندی ناوچەکە و ٣٠ کەسیان لە دانیشتوانی ناوچەکە کوشتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ەوە لە نەیجیریا رووداوەکانی هێرشی گروپە چەکدارییەکان و رفاندنی خوێندکارانی کچ و توندوتیژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و حکومەتیش بە دۆخێکی سەختی کۆنتڕۆڵکردندا دەڕوات لە بەرامبەر پاراستنی یاسا لە ئەنجامی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە قورسە ئابورییەی رووی لەو وڵاتە کردووە.

پەیوەندیدار