ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2022، لە ماوەی ڕۆژێکدا 36 هاوڵاتی بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی نوێی ئۆمیکرۆن، گیانیان لەدەستداوە.
لە درێژەی هەواڵەکەدا هاتووە، تەنها لە شاری سیدنیدا 16 حاڵەتی مردن تۆمار کراوە و لە ویلایەتی ڤیکتۆریاش کە دووەم گەورەترین ویلایەتە، 44 هەزار و 155 کەیسی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراون و 4 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش بە ڤیارۆسەکە هەبووە.
هەواڵەکە باسی لەوەشکردووە، تەنها ڕۆژی یەکشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2022، لە سەرانسەریی وڵاتی ئوسترالیا نزیکەی 100 هەزار حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسە نوێیەکە تۆمار کراوە و ڕێژەی مردنیش 36 هاوڵاتی بووە.
پاش بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەدا، بەشێکی دامودەزگا و شوێنە گشتییەکان داخران و سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەش بەردەوامیی خۆی ڕاگەیاند لە خۆکەرەنتینەکردن و کارکردن لە ماڵەوە.