مەزڵوم كۆبانی : دەبێت لەگەڵ سوریا کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکەین

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) جەختیکردۆتەوە کە ڕێگەنادەن جارێکی تر بارودۆخی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ دواوە بگەڕێتەوە، لەبەرئەوەی ئیدارەی خۆسەر ماوەی 10 ساڵە هەیە و دەبێت لەڕووی دەستوورییەوە پەسەند بکرێت.

مەزڵوم کۆبانی لەلێدوانێکیدا بۆ “پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوەکان” لەبارەی دانوستانەکانی نێوان خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان و ڕژێمی سوریا رایگەیاندوە، ئەگەر بێت و کێشەکانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای فوڕات چارەسەر بکرێن، ئەوە کێشەکانی سوریا خۆبەخۆ چارەسەر دەبن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، سەبارەت بە پرسی سەربازیی (هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان) دەبێت رژێمی سوریا وەک خۆی قبووڵیان بکات، بەڵام هێشتا دیمەشق ئەو هەنگاوەی نەناوە.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەبەشێکی تری قسەکانیدا رایگەیاندووە” پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە و نەپچڕاوە، دەشمانەوێت کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکەین، بەڵام ئەوەی لێی تێگەیشتووین ئەوەیە کە حکومەتی ئەسەد لەئێستا بۆ ئەو چارەسەرە ئامادە نییە، بەوپێیەی ڕژێم دەیەوێت لەپێگەی سەرکەوتووەوە گفتوگۆ بکات و بڕیارەکانی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت، واتە گەڕانەوە بۆ دۆخی ساڵی 2011″.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و هێزە بەرهەڵستکارەکانی سوریا، کۆبانی ئەوەی خستووەتەڕوو کە هێزەکانی سوریای دیموکرات پەیوەندیی لەگەڵ بەشێک لە هێزە بەرهەڵستکارەکانی دەرەوە هەیە، وەک پلاتفۆڕمی قاهیرە و مۆسکۆ، ئەوە جگە لە چەند کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزیسیۆنی سوریی، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئیخوان موسلیمیندا نییە.

پەیوەندیدار