یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەڕلەمانی عیراق بەڕێوە دەچێت

ئه‌مڕۆ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت كه‌ له‌ پشكی سونه‌كانه‌، به‌پێی رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوم و هاوپه‌یمانی عه‌زم، محه‌مه‌د حه‌لبوسی جارێكی دیكه‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ڵام هێشتا دیارنیه‌ كه‌ جێگره‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێن یان نا.

ئه‌مڕۆ یەکشەممە یەکەمین دانیشتی خولی نوێی په‌رله‌مانی عێراق بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندامی خولەکە به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ به‌گوێره‌ی لیستی كاندیده‌ ده‌رچوه‌كانی په‌رله‌مان، مه‌حمود مه‌شهه‌دانی، كاندیدی ده‌رچوی هاوپه‌یمانی عه‌زم وه‌ك به‌ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتار سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی خولی نوێی په‌رله‌مان ده‌كات، دواتر جێگری یەکەم و دوەم هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن لە رێگەی هەڵبژاردنی نهێنییەوە.

سونه‌كان رێككه‌وتون كه‌ جارێكی دیكه‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی بكرێته‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كورد كه‌ پۆستی جێگری دوه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی به‌رده‌كه‌وێت دیارنیه‌ كه‌ كاندیدی دیاریكردوه‌ یان نا، هاوكات هێشتا یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه‌ كه‌ شیعه‌كان كێیان كاندید كردوه‌ بۆ پۆستی جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان

دوای یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق و سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، په‌رله‌مان لە ماوەی 30 رۆژدا سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێرێت، به‌پێی ده‌ستوری ده‌بێت سەرۆک کۆمار دەبێت دو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.
به‌گوێره‌ی نوسراوێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بانگهێشتی په‌رله‌مانتاران كراوه‌ بۆ دانیشتنی ژماره‌ یه‌ك له‌ رۆژی 9ی (كانونی دوه‌م/1)ی 2022، سه‌ره‌تاش سوره‌تی فاتیحا بۆ گیانی شه‌هیدانی عێراق ده‌خوێندرێت، پاشانیش له‌لایه‌ن ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی ئه‌ندامه‌ نوێیه‌كان ده‌كرێت و ناوه‌كانیان ده‌خوێندرێته‌وه‌، دواتریش به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندام سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كه‌ ده‌كات.

له‌خاڵی پێنجه‌می خشته‌ی كاری كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان هاتوه‌، به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندام كه‌ سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كه‌ ده‌كات، ده‌رگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و جێگره‌كانی ده‌كاته‌وه‌.

30ی (كانونی یه‌كه‌م/12)ی 2021 د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق  رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 9ی (كانونی دوه‌م/1)ی 2022ی بۆ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی خولی نوێی په‌رله‌مانی عێراق دیاریكرد.

پەیوەندیدار