سەدر دواى هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان: موژدەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانییە

رێبەری رەوتی سەدر پیرۆزبایی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق و دوو جێگرەکەی دەکات و رایدەگەیێنێت، “ئەمە یەکەمین موژدەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانییە”.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر درەنگانی شەوی رابردوو لەدوای هەڵبژاردنی محەممەد حەلبووسی بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق و حاکم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان، لە تویتێکدا پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کرد.

رێبەری رەتی سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگری سەرۆکی پەرلەمان، “یەکەمین موژدەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانییە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکەم بۆ ئەم هەنگاوە کە هەنگاوی یەکەمە بەرەو بونیادنانی عێراقێکی ئازاد و سەربەخۆ، بەبێ پاشکۆیەتی و تایفیەت و رەگەزی و گەندەڵی”.

سەدر لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، “با لەم پەرلەمانەوە حکومەتێکی نیشتمانیی خاوێنی خزمەتگوزار هەڵبهێنجین کە پارێزگاری لە سەروەری و بڕیاری وڵات بکات و چاودێریی گەلەکەی بێت، پارێزگاری لە کەرامەتی بکات و هەوڵبدات بۆ چاکسازیی راستەقینە و لێبڕاوانە”.

دوای نزیکەی سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 09-01-2022 هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، محەممەد حەلبووسی وەکو سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، حاکم زاملی وەکو جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و شاخەوان عەبدوڵڵا وەکو جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردران.

پەیوەندیدار