لە دهۆك 3 كەسی بەتۆمەتی هەڵخڵەتاندنی كچێك دەستگیران

پۆلیسی دهۆك رایگەیاند، سێ كەسیان بەتۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی كچان دەستگیركردووە كە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان فێڵیان لێ كردوون و پارەیان لێوەرگرتوون.

هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی دهۆك لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا باس لەوە دەكات، 3 كەسیان دەستگیركردووە كە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كچانیان خەڵەتاندووە، ئەو سێ تۆمەتبارە بە فێڵ بڕی 16 ملیۆن دینار و هەزار دۆلاریان لە كچێك وەرگرتووە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆكە، یەكێك لە تۆمەتبارەكان دەڵێت كە بە كچەكەی وتووە دوو هاوڕێكەی توشی كێشەیەكی گەورە بوون و دەستگیركراون، بۆ ئازادكردنیان پێویستیان بە پارەیە، ئەگەر هاوكارییان نەكات توشی كێشەی گەورە دەبن.

وتەبێژەكەی پۆلیسی دهۆك جەختی لەوەش كردووەتەوە، كچەكە تەمەنی هێندە گەورە نەبووە ئەو پارەیەی هەبێت، بەڵكو پارەكەی لە ماڵەوە دزیوە و پێی داون، بۆیە داوا لە دایك و باوكان دەكەن ئاگاداری منداڵەكانیان بن كە چۆن تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاردەهێنن.

پەیوەندیدار