پۆلیسی هەولێر: هەڵمەتی داخستنی یانەكانی شەوانە بەردەوامە، ئه‌وانه‌ی هه‌شت ئۆتۆمبێلەكەشیان بردبوو، دەستگیرکران

وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، هەڵمەتی داخستنی یانەكانی شەوانە بەردەوام دەبێت، هەروەها تاوانبارانی بردنی هەشت ئۆتۆمبێلەکەی هەولێر دەستگیرکراون.
هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، لە ساڵی 2021دا 79 تاوانی كوشتن روویانداوە و تاوەكو ئێستا توانراوە 78 بكوژ و ئەنجامدەری ئەو تاوانانە دەستگیر بكرێن واتا بە رێژەی 99%.
وتوشیەتی، پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی تیمەكانی ئاسایش و زێرەڤانی هەڵمەتی داخستنی یانەكانی شەوانەیان دەستپێكردووە و بەردەوامە، بەڵام بەهۆی بوونی لێكۆڵینەوە لەو دۆسیانە هیچ زانیارییەك بڵاوناكرێتەوە.
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر باسی له‌وه‌شكرد، “شەوی رابردو هاوڵاتییەک لە قەزای عەنکاوە کوژراوە، دوای چەند کاتژێرێک لە لێکۆڵینەوە توانرا بکەری تاوانەکە ئاشکرابکرێت و دەستگیربکرێت”.
لەبارەی بردنی هه‌شت ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان به‌فێڵ، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر وتی، “لە کۆی ئەو هەشت ئۆتۆمبێلە شەشیان دۆزراونەتەوە و تەنها دوانیان ماون، بەڵام بکەری تاوانەکە کە دوو کەسی خزمی یەکترین دەستگیرکراون”.

پەیوەندیدار