دارا ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان رایگەیاند، شەوی رابردوو دوو مێرمنداڵ خوێندنگایەكی ئامادەییان لە شاری كفری سوتاندووە، ئەوەش بە ئامانجی سوتاندنی دەفتەری تاقیكردنەوەكان.
دارا ئەحمەد بە میدیاكانی وتووە، شەوی رابردوو لە قەزای كفری دوو مێرمنداڵ ئاگریان لە خوێندگایەكی ئامادەیی بەرداوە كە هەردوكیان خوێندكارن و لە رێگەی كامێراكانی چاودێرییەوە بینراون.
باسی لەوەش كردووە، هەردوو ژوری مامۆستایانی ژنان و پیاوان سوتێنراون و ژورەكانی تر سەلامەتن و گومانی ئەوە دەكەن ئەو خوێندكارانە هەوڵی ئەوەیان دابیت دەفتەری تاقیكردنەوەكان بسوتێنن، بەڵام نەیانتوانیوە.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان جەختی لەوەش كردووەتەوە، تاقیكردنەوەكان بەردەوام دەبن و ئەو دوو خوێندكارەش دەزانرێت كێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و دەدرێنە دادگا.