ئەمڕۆ هادی عامری سەردانی هەولێر دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پرسی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، ئەمڕۆ دوشەممە شاندێکی هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس بە ماڵپەڕی “شفق نیوز”ـی راگەیاندوە، ئەمڕۆ دوشەممە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح سەردانی شاری هەولێر دەکات و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکۆبونەوەکەدا پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و شێوازی هاوپەیمانییەکان بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت.

شەوی 15ی ئەم مانگە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ناوچەی حەنانەی نەجەف لەگەڵ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر کۆبوەوە.
لە دوای راگەیاندن و پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی 10ی تشرینی یەکەمی 2021 موقتەدا سەدر کە خاوەنی 73 کورسییە لە زۆربەی بۆنە و لێدوانەکانیدا جەخت لە پێکهێنانی حکومەتی “زۆرینەی نیشتمانی” دەکاتەوە، نەشیشاردوەتەوە دژی بەشداری هەندێک لایەنی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییە لە حکومەتی داهاتو.

پەیوەندیدار