یانەی ریال مەدرید بۆ جاری 12 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای بردەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو بەدەستهێنا.
یارییەکە لە یاریگەی شا فەهد بەڕێوەچوو، یانەی شاهانە بە ئاستێکی جیاوازتر لە یاریی کلاسیکۆ دەرکەوت و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
هەر زوو لوکا مۆدریچ لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵێکی بۆ یانەی شاهانە تۆمارکرد، نیوەی یەکەم بەو گۆڵە کۆتاییهات، لە نیوەی دووەمدا کەریم بنزیما بەلێدانی سزا گۆڵی دووەمی لۆس بلانکۆسی تۆمارکرد.
لە دوایین خولەکەکاندا لێدانێکی سزا بۆ بیلباو هەژمارکرا و ئیدێر میلیتاو بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، بەڵام کۆرتوا ئازایانە تۆپەکەی گەڕاندەوە و گۆڵەکەی پاراست.
ریال مەدرید بۆ جاری 12 بووە پاڵەوانی جامی سوپەر، 4 یارییە بەرامبەر بیلباو لەسەریەک دەیباتەوە، بنزیما لە 27 یارییدا بەرامبەر یانەکە 18 گۆڵی کردووە، مارسیلۆش ژمارەی جامەكانی لەگەڵ خینتۆی یەكسان كردەوە بە 23 جام و پێش رامۆس كەوت كە خاوەنی 22 جام بوو، لوکا مۆدریچیش بووە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە.







