پەروەردەی سلێمانی: هەر قوتابییەک نەیتوانی ئامادەی تاقیکردنەوە بێت دواتر تاقیکردنەوە دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیێنێت، هەر قوتابی و خوێندکارێک بەهۆی بەفربارینەوە نەیتوانی بەشداریی تاقیکردنەوەکانی رۆژی دووشەممە بکات دوای پشوو دەتوانێت دووبارە تاقیکردنەوەکان ئەنجام بداتەوە.

بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی کە واژۆی دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی لەسەرە هاتووە “هەر قوتابی و خوێندکارێک بەهۆی ئەم شەپۆلی بەفر بارینەوە نەیتوانی ئامادە بێت لە تاقیکردنەوەی رۆژی 17-1-2022 دەتوانێت لە دوای پشووی کۆتایی وەرزی یەکەم تاقیکردنەوەی ئەمڕۆی وەک قوتابی و خوێندکارێکی مۆڵەت پێدراو دەتوانێت تاقیکردنەوەکە ئەنجام بدات بە پێی خشتەیەک کە لەلایەن کارگێڕی قوتابخانەو خوێندنگەکانەوە دیاری دەکرێت.”

پێشتر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی راگەیاندبوو کە دەسەڵاتیان داوە بە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوورەکەیان بۆ راگەیاندنی پشوو لە کاتی پێویستدا. گوتیشی: “زۆربەی پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکە پشوویان بۆ قۆناخەکانی یەک تاوەکو سێی بنەڕەتی و باخچەی ساوایان بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاندووە”.

شه‌وی رابردو بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەراگەیەنراوێکدا بڵاویكرده‌وه‌، “بەهۆی نزمبونەوەی پلەکانی گەرما لەڕۆژانی داهاتودا و بۆ سەلامەتی منداڵان بڕیاردراوە سێ رۆژ پشو رابگەیەنرێت”.

ئەوەش هاتوە، پشوەکە باخچەکانی منداڵان و بازنەی یەکەمی قۆناغی بنەڕەتی (1 – 3) دەگرێتەوە و لە مڕۆوە (17-1-2022) دەوام رادەگیرێت.

پەیوەندیدار