ڕەشنوسی بودجەی 2022ی عێراق ئامادەكراوە

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، رەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق ئامادە كراوە و پشكی هەرێمی كوردستانیش وەكو ساڵی رابردووە.
فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتووە، حكومەتی عێراق رەشنوسی بودجەی 2022ی ئامادە كردووە، بەڵام بودجەیەكی خەیاڵییە و زۆرە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئەوەی رێژەكە كەم بكاتەوە بۆ نزیكەی 130 ترلیۆن دینار، ئێستاش لیژنەكە كار لەسەر ئەو پرسە دەكات.
وتوشیەتی، پشكی هەرێمی كوردستان لەو رەشنووسە ئامادە كراوە، بە هەمان شێوەی ساڵی رابردووە و رێككەوتنەكە چۆن كراوە بەو شێوەیە دانراوە، بەڵام ئەمە رەشنووسە و ئەگەری گۆڕانكاری هەیە، چونكە ئەو حكومەت ناتوانێت رەوانەی پەرلەمانی بكات، بۆیە حكومەتی نوێ دروست بكرێت رەشنوسەكە بۆ پەرلەمان رەوانە دەكات، بۆ ئەوەی پەسەندی بكات، كە ئەو كات ئەوان دەتوانن رێككەوتنی لەسەر بكەن و پەسەندی بكەن.
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق جەختی لەوەش كردووەتەوە، لەو رەشنوسەی ئامادە كراوە، بە هیچ شێوەیەك باسی ئەوە نەكراوە نرخی دۆلار هەرزان دەبێت بەڵكو وەكو خۆی دانراوە، بەڵام هەندێك لایەنی سیاسی داوا دەكەن نرخەكەی كەم بكرێتەوە.

پەیوەندیدار