کۆشکی سپی: رووسیا ئامادەیە هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا

 گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا بڕوای وایە رووسیا ئامادەیە هەر کاتێک بیەوێت هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا و گوتی، ” سەرۆک پووتین ئەم کێشەیەی دروست کردووە”.

رۆژی سێشەممە جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی “ئێمە ئێستا لە قۆناخێکداین کە دەکرێت رووسیا هەر کاتێک بیەوێت هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا.”

ئەو لێدوانانەی جین ساکی لە کاتێکدان بڕیارە ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە بۆ نیشاندانی پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، لە سەردانەکەیدا بۆ ئۆکرانیا ئەنتۆنی بلینکن چاوی بە ڤلادیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە دەکەوێت، بەپێی بەرنامەی کاری سەردانەکەی ناوبراو بۆ ئەوروپا لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیاش کۆدەبێتەوە.

بڕیاریشە، بلینکن لە سویسرا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئۆکرانیا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا کۆبێتەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، ئامانجی بلینکن ئەوەیە رێگەیەک بدۆزێتەوە تا رووسیا رازی بکات خۆی لە ئۆکراینا بە دووربگرێت.

 ئەوەش لەکاتێکدایە، کۆبوونەوەی چەند هەفتەی رابردووی شاندی دیپلۆماسی ئەمریکا و روسیا سەبارەت بە پرسی ئۆکرانیا بەبێ ئەنجام کۆتاییهات.

ئۆکراینا، ئەمریکا و وڵاتە ئەوروپییەکان نیگەرانیی گەورەی خۆیان بەرامبەر کۆکردنەوەی هێز لە لایەن رووسیا لە نزیک سنووری ئۆکراینا دەربڕیوە، ئەوە وێڕای ئەوەی مۆسکۆ بەردەوام رەتیکردووەتەوە نیازی داگیرکردنی ئۆکراینای هەبێت.

جین ساكی گوتی، ئەگەر پووتین بڕیاری داگیرکردنی ئۆکراینا بدات، ئەوا “سزای ئابووریی قورس”ی بەسەردا دەسەپێنن.

گوتەبێژی کۆشکی سپی هۆشدارییدا کە دۆخێکی لە رادەبەدەر “مەترسیدار” لە ئارادایە و گوتی “هیچ بژاردەیەک بە دوور نابینین.” باسی لەوەش کرد کە هێشتا چارەسەکردنی کێشەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بژارەیەکی زیندووە و هیواخوازن بەو ئاڕاستەیدا بڕۆن. هۆشداریشی بە مۆسکۆ دا ئەو رێگەیە هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی رووبەڕووی سزای قورس نەبێتەوە.

واشنتن دەڵێت، ئەگەرچی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی هیچ پلانێکیان نییە بە هێزی سەربازی رووبەڕووی هیچ هێرشێکی رووسیا ببنەوە، بەڵام سزای ئابووریی قورسی بەسەردا دەسەپێنن کە پێشتر بەکارنەهاتوون.

جین ساکی جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی ئەو سزایانەدا، بۆڕیی نۆرد ستریم دووی تایبەت بە گواستنەوەی گازی سرووشتیی رووسیا بۆ ئەڵمانیا، هەڵدەوەشێننەوە. راچاندنی بۆڕییەکە تەواوبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەگەڕنەخراوە.

بۆڕییەکە بە بەشێکی گرنگی تۆڕی دابینکردنی وزەی ئەوروپا دادەنرێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بە بەشێکی سەرەکی لە تواناکانی رووسیا بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی دادەنرێت کە ئەمریکا ترسیی ئەوەی هەیە وەکو کارتی گوشار بەسەر ئەوروپادا بەکاربهێنرێت.

جین ساکی گوتیشی، “تێڕوانینی ئێمە هێشتا ئەوەیە کە وەستاندنی بۆڕیی نۆرد ستریم دوو شتێکی گرنگە بەدەستمانەوە دژی رووسیا.”

پەیوەندیدار