مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێزەکانیان بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەرجەم ھەڵاتوەکانی گرتوخانەی غوێرانیان دەستگیرکردوەتەوە، هەروەها توانیویانە یاخیبونی چەکدارە زیندانیکراوەکان کۆنترۆڵ بکەن.
مەزڵوم کۆبانێ لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و باسی لەوەشكردوە، هەسەدە توانیویەتی سەرجەم زیندانییە ھەڵاتوەکانی گرتوخانەی غوێران لەحەسەکە دەستگیربکاتەوە، دوای ئەوەی سەرجەم شانە نوستوەکانی داعش بەشداربوون لە هێرشکردنە سەر گرتوخانەکە تاکو بتوانن چەکدارە زیندانیکراوەکان رزگار بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ئۆپراسیۆنەکەدا ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکاریان بون، هەروەها توانیویانە یاخیبونی چەکدارە زیندانیکراوەکان کۆنترۆڵ بکەن.
بە گوێرەی میدیای هەسەدە، شەوی هەینی چەکدارانی داعش ئۆتۆمبێلێک و ماتۆرسیکلێکی بۆمبڕێژکراویان لە نزیک دەروازەی گرتووخانەی غوێران لە حەسەکە تەقاندەوە، دواتر شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزی پاسەوانی بەندینخانەکە و چەکدارانی داعش کە لە باشووری شارەکەوە هاتبوونە نزیک گرتووخانەکە دروستبوو.
دوای ئەوە، چەکدارانی داعش سێ تانکەری نەوتیان لە نزیک زیندانەکە تەقاندەوە تاوەکو دووکەڵ ئاسمان داپۆشێت و فڕۆکە جەنگییەکان نەتوانن بۆردوومانیان بکەن. هاوکات لەگەڵ ئەوە، داعشەکانی نێو زیندانەکە دەستیان بە یاخیبوون و رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان کرد.
لەلایەكی دیكەوە فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، لە پێکدادانەکاندا 7 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 50ی دیکەشیان بە سەختی برینداربوون، کە بەشێکیان بە نیشانەشكێن کراونەتە ئامانج.
میدیای هەسەدە پێشتر رایگەیاندبوو، لانیکەم 23 ئەندام و چەکداری داعش لە شەڕەکەدا کوژراون.
شامی باسی لەوەش کردووە، 89 لەو ئەندامانەی داعش کە لە گرتووخانەکە رایانکردبوو لە لایەن هەسەدەوە دەستگیرکراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ پشت شیشەکانی زیندان.
بە گوێرەی گوتەبێژی هەسەدە، ئەوان ئاگادار نین هیچ ئەندامێکی داعش لە گرتووخانەکە رایکردبێت و دەستگیرنەکرابێتەوە، بەڵام دەشڵێت، دەنگۆی پشتڕاستنەکراوە هەیە کە هەندێکیان خۆیان گەیاندووەتە دەرەوەی زیندانەکە.
بەرپرسانی ئەمریکاش دەڵێن، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەیان لە رێگەی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانییەوە یارمەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەیان داوە تاوەکو رەوشی زیندانی غوێران کۆنتڕۆڵ بکەن.
رۆژی هەینی 21-1-2022 جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە ڤێرجینیا رایگەیاند: “هەندێک هێرشی ئاسمانیمان بۆ پاڵپشتیکردنی (هەسەدە) ئەنجامدا، ئەوەش کاتێک رووبەڕووی دۆخێکی تایبەتی هەڵاتن لە زیندان بوونەوە”.
کێربی زانیاریی زیاتری لەو بارەوە نەدا، بەڵام بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، فڕۆکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لانیکەم دوو هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە چەکداران و هەڵاتووانی داعشی لە دەرەوەی زیندانەکە کردووەتە ئامانج.
بەرپرسە ئەمریکییەکە گوتی، فڕۆکەی چاودێریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ئاسمانی حەسەکەوە بووە بۆ یارمەتیدانی هەسەدە، بەڵام هێزی زەوینیی ئەمریکی لە شەڕەکەدا بەشداریی نەکردووە.