باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆکراینا: هێرشی رووسیا لە ئانوساتدایە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دەدات و دەڵێت، “هێرشی رووسیا لە ئانوساتدایە” و ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەوان لەوانەیە نەتوانن زوو خەڵکەکەیان لە وڵاتەکە ببەنە دەرەوە؛ بۆیە ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی ئێستا لە ئۆکراینان، دەتوانن بەگوێرەی پلانی خۆیان لە وڵاتەکە بچنە دەرەوە.

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، رووسیا 127 هەزار سەربازی لە سنووری ئۆکراینا کۆکردووەتەوە و نیازی داگیرکردنی وڵاتەکەی هەیە؛ رووسیا ئەوە رەتدەکاتەوە، بەڵام دەڵێت نیگەرانیی ئەمنی هەیە کە بریتییە لە بەرفراوانبوونی ناتۆ بە ئاراستەی سنوورەکانی و ئەگەری بە ئەندامبوونی ئۆکراینا و جۆرجیا لە ناتۆ.

لەلایەكی دیكەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر روسیا سنورەکانی ئۆکرانیا تیپەڕێنێت دەبیت خۆی بۆ وەڵامێکی توندی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئامادە بکات.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمیانەی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن رایگەیاند، لە ئێستاوە خۆیان بۆ وەڵامدانەوە و هێرشی روسیا ئامادە دەکەن، نەک هەرکات روسیا هێرشیکردە سەر خاکی ئۆکرانیا دواتر وەڵامی بدەنەوە.

وتیشی، هه‌ر جوڵه‌یه‌كی سوپای روسیا به‌ ئاراسته‌ی خاكی ئۆكرانیا بەبێ وەڵام نابێت و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ‌وه‌ڵامی به‌په‌له‌یان دەبێت.

ئەوەشی خستەروو، لە ئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکەن کە بەرەیەک لە بەرامبەر روسیا بکەنەوە، چونکە چاوەڕێ نابن تاوەکو روسیا خاکی ئۆکرانیا داگیربکات و دواتر ئەوان دەست بە جوڵە بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ده‌بێت روسیا له‌ نێوان گفتوگۆی دیبلۆماسی و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌دا یەکێکیان هه‌ڵبژێرێت.

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکیدا، داوای لە هاوڵاتییان و دیبلۆماتکارەکانی کرد ئۆکرانیا بەجێبهێڵن.

هەروەها، داوای لە هاوڵاتیانیشی کرد لە ئێستادا خۆیان بە دور بگرن لە گەشت کردن بۆ وڵاتی روسیا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەردەوام بەرپرسانی روسیا ئەوە رەتدەکەنەوە کە هەوڵی هێرشکردنە سەر خاکی ئۆکرانیا بدەن، دەشڵێن، بوونی سەربازەکانیان لە سنوری ئۆکرانیا تەنها بۆ پاراستنی سنورەکانیانە.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 24ی کانوونی دووەمی 2022 ئەنتۆنی بلینکن گوتارێک لەبەردەم وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە دوایین هەڵوێستی وڵاتەکەی لە ئەگەری هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا پێشکێش بکات؛ بلینکن زانیاریش سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ ئەوروپییەکان دەخاتەڕوو کە 90 خولەکی خایاند.

ز.س

پەیوەندیدار