وهزارهتی دارایی و ئابووریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، دهست به دابهشكردنی مووچهی مانگی 1ی 2022 دهكات.
رۆژی دووشەممە 24-1-2022 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە ئێستانیوزی راگەیاند، مووچەکە هی مانگی 1ی ئەمساڵە و یەکەم وەزارەت وەزارەتی تەندروستی مووچە وەردەگرێت و لە رۆژانی داهاتووشدا خشتەی نوێی مووچەی وەزارەت و دەستەکانی دیکە دابەشدەکرێت.
رۆژی 02-01-2022 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ی 2021 کرا، بەڵام دابەشکردنەکە خاو بوو. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرکاتێک بەغدا 200 ملیار دینارەکە بنێرێت، دابەشکردنی مووچە خێراتر دەکرێت.
دوای ئەوەی کە بودجەی 2021 لە کۆتایی مانگی ئادار پەسندکرا، بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکییەوە، یاساکە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە نەنێردرا، دواتر 200 ملیار دینار وەکو سولفە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکرا، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا چەند جارێک ناردنی ئەو پارەیە دواکەوت و ئەوەش کێشەی لە کاتی دابەشکردنی مووچە دروستکرد.
رۆژی 19ی ئەم مانگە حکومەتی عێراق بڕی 200 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەمەش حکومەت دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات.
لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچە خۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن. حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات.