زیاتر لە چوار رۆژە شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان شەڕڤانان و چەکدارانی داعش لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە. شەڕەکە لە دەوروبەری گرتووخانەی غوێران چڕبووەتەوە و بەشێکی گرتووخانەکە هێشتا بەدەست داعشەوە ماوە؛ هەسەدە لە هەموو ناوچەیەکەوە هێزی جوڵاندووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە. ، لە ئەمڕۆوە قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ لە حەسەکە و دەوروبەری کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی هەسەدە دەڵێت، رۆژی یەکشەممە 23-01-2022 داعش دوو هێرشی ئەنجامداوە؛ یەکێکیان لە دەرەوەی حەسەکەوە بۆ سەر زیندانەکە و دەوروبەری؛ ئەوی دیکەشیان لە گەڕەکەکانی نێو حەسەکە لە نزیک زیندانەکەوە بووە بۆ شکاندنی گەمارۆکە و یارمەتیدانی ئەو چەکدار و ئەندامانەی داعش لەنێو زیندانەکەدان.
سیامەند عەلی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی زانیاریی یەپەگە رایگەیاند، “بێگومان ئەم هێرشە یەکێکە لە مەترسیدارترین هێرشەکانی داعش لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، دوای ئەوەی هێزەکانمان بەکرێگیراوانی داعشیان لە باغۆز وەدەرنا. داعش توانیویەتی ریزەکانی یەکبخاتەوە و هەموو تواناکانی بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشەی کە بە چاوی خۆمان دەیبینین. داعش ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ و بۆمبڕێژکراوی بەکارهێناوە؛ 100 خۆکوژی بەکارهێنا بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشە. دۆخی نالەباری گرتووخانەکانیشی قۆستووەتەوە. دۆخی جەنگ ئێستا بەم جۆرەیە، شەڕ لەنێوان هێزەکانمان و بەکرێگیراوانی داعش لە گەڕەکی زهوور بەردەوامە. ئەوان خۆیان لەنێو هەندێک باڵەخانە و شوێنی دیکە شاردووەتەوە. بڵاوکردنەوەی هێزی دژەتیرۆریش بەردەوامە. ئەو شوێنانەی ئەوان کۆنترۆڵیان کردبوو، بەهۆی بۆردوومانی ئاسمانییەوە بەسەریاندا رووخا”.
نزیکەی 5000 چەکداری پێشووی داعش لە گرتووخانەی غوێران زیندانین؛ 600 کەسیان تەمەنیان لەژێر 18 ساڵە. گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاد لە 3000 کەسی نێو زیندانەکە عێراقین.
شەڕڤانان دەڵێن، توانیویانە لانیکەم 200 کەسی هەڵاتوو دەستگیربکەنەوە. هەڤاڵ ئیدریس، شەڕڤان دەڵێت، “نامانەوێت بیانکوژین؛ دەمانەوێت خۆیان بەدەستەوە بدەن. فڕۆکەش ئەوان دەکاتە ئامانج، شەڕڤانانیش گەمارۆی داون. لە ئێوارەی یەکەم رۆژی پێکدادانەکە، هەندێک چەکداری داعش توانییان هەڵبکوتنە سەر گەڕەکی غوێران، شەڕڤانانیش لەنێو هەسەدە و ئاسایش تاوەکو ئەمڕۆ بەنێو غوێڕان دەسوڕێنەوە. شتێکی وا نەماوە ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەین”.
بەگوێرەی ئامارەکانی هەسەدە، لە پێنجشەممەوە 27 شەڕڤان شەهید بوون؛ زیاتر لە 170 چەکدار و ئەندامی داعشیش کوژراون. فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە پشتیوانیی شەڕڤانان دەکەن، نزیکەی 10 هەزار شەڕڤان و ئەندامی هێزی ئاسایشی نێوخۆش لەسەر زەوی هەوڵدەدەن دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.
لەلایەكی دیكەوە لەسەر بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤای کوردستان و بەمەبەستی رێگریکردن لەشانە نوستوەکانی تیرۆر و دزەکردنیان بۆ دەرەوەی سنور، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممەوە قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ لە حەسەکە و دەوروبەری کەوتەبواری جێبەجێکردنەوە و حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکراشیکرد، دەمێکە پلانی هێرشکردنەسەر گرتوخانەی غوێران بونی هەبوە و “داعش پلانی هەندێک وڵات بۆ تێکدانی ئەزمونی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا جێبەجێ دەکات”.
ز.س