ئا : بێستون لەتیف – ئێستانیوز
ساڵح موسلیم رایدەگەیەنێت؛ داعش دەیویست پێنج هەزار چەکداری خۆی لە زیندانی غوێران دەرباز بکات و دەشڵێت: دۆخی ئاسایشی حەسەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ستۆدیۆ رادیۆی کەناڵی کەی ئێن ئێن، ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردوی شاری حەسەکە کرد و وتی: داعش دەیویست لە هێرشەکەدا 5000 چەکداری خۆی دەرباز بکات.
وتیشی: زیندانی غوێران تا ئێستاش لەژێر چاودێری هێزەکانی هاوپەیمانان دایە.
بەوتەی ساڵح موسلیم، شانە نوستوەکانی داعش لە دەرەوەی حەسەکەوە هاتون و بەشێوەیەکی گشتیش دۆخی ئاسایشی حەسەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
راشیگەیاند؛ لەهەندێک شوێن لەناوخۆدا هاوکاریی داعش دەکرێت و ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی تورکیادایە داعش بۆ خۆی بەکاری دەهێنێت، جگە لەوەش هەوڵگریی ڕژێمەکانی سوریا و تورکیا لە پشتی چالاکیەکانی داعشەوەن.
ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە رونیشیکردەوە، هێزەکانی هاوپەیمانان بە هاوکاری هەسەدە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن و ئەو شوێنەی کراوە بە زیندانی چەکدارانی داعش پێشتر پێشتر قوتابخانە بوە، بۆیە دەکرێت شوێنەکە بگوازرێتەوە.