مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات دەڵێت: حەوت ساڵ بەسەر ڕزگاركردنی كۆبانێ-دا و تۆماركردنی یەكەم سەركەوتن بەسەر چەتەكانی داعشدا تێپەڕبوو، ئەمڕۆ هێزەكانمان بە تێكشكاندنی داعش لە حەسەكە و پووچەڵكردنەوەی پیلانی لایەنگرانیان، مێژووی سەركەوتنیان دووبارەكردەوە.
مەزڵوم عەبدی لە لێدوانێكدا بە بۆنەی گرتنەوەی گرتووخانەی حەسەكە، دەڵێت: بۆ كۆتاییهێنان بە داعش پێویست دەكات سەقامگیریی سیاسیی و ئابووریی و پەسەندكردنی نێودەوڵەتیی هەبێت.
ئێوارەی دوێنێ ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، شەڕڤانان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بەتەواویی زیندانی غوێرانیان لە حەسەكە گرتووەتەوە ، ئەوەش دوای زیاتر لە شەش ڕۆژ لە ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان شەڕڤانان و شانە نووستووەكانی داعشدا لە حەسەكە.