ئا : بێستون لەتیف – ئێستانیوز
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند؛ بڕوا ناکەن پوتین بڕیاری کۆتایی لەبارەی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا دابێت، بەڵام هێندەی چونە نێو خاکی ئەو وڵاتە سەربازی روسیی لە سنورەکان کۆکراوەتەوە.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا، مارک میللێی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان لەسەر پرسی قەیرانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا ئەنجامدا.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەوەی خستەڕو کە روسیا، بەدرێژای سنوری بێلاڕوسیا و کریمیاوە، سەدان ھەزار سەربازی لەسەر سنور ئۆکرانیا کۆکردوەتەوە و ئەمەش بە بەردەوامی لە زیادبوندایە.
ئۆستن ئاماژەی بەوەشدا کە روسیا لە پاڵ ناوچەی دەریای رەش، چالاکییە سەربازییەکانی خۆی لە ئەتلانتیکی باکور و دەریای سپی زیادکردوە و وتی: “باوەڕ ناکەین کە پوتین بڕیاری کۆتایی دابێت لەبارەی بەکارھێنانی ئەم ھێزانە لە دژی ئۆکرانیا. بەڵام ئەوەی راستی بێت لە دۆخێکدایە کە گەیشتوەتە توانای ئەنجامدانی ئەمە”.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا راشیگەیاند کە دەستوەردانی رورسیا لە ئۆکرانیا، بەمانای ئەوە دێت کە ناتۆیەکی بەھێز و پێداگری لە رۆژئاوای مۆسکۆ ناوێت.
لۆید ئۆستن ئەوەشی دوپاتکردەوە کە ئەمریکا بەمەبەستی شەڕکردن سەرباز نانێرێتە روسیا و خۆشی بەدورخست لە وەڵامدانەوەی پرسیاری ناردنی سەرباز بەمەبەستی گواستنەوەی ھاوڵاتیانی ئەمریکا لە ئۆکرانیا.
لەلای خۆیەوە، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا، مایک میللێی رایگەیاند کە لە رابردودا کۆکردنەوەی سەربازیی روسیا لەسەر سنوری ئۆکرانیا لەم شێوەیەی ئێستادا نەدیوە، دۆخەکە ھاوشێوەی قۆناغی شەڕی ساردە.
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا، ھۆشداریی ئەوەی دا کە دەرئەنجانی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە بە تایبەتی لە ناوچە ئاوەدانییەکاندا “کارەساتبار دەبێت.
مایک میللێی ئاشکراشی کرد کە ئەوان بەردەوام دەبن لە ناردنی کەلوپەلی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا و لە ئەگەری دەستوەردانی روسیا لە ھەر وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ، ئەوا لە چوارچێوەی بەندی پێنجەمی رێککەوتنامەی ئەو ھاوپەیمانێتییە، ئەوا ھێزێکی بەھێزی ناتۆ وەڵامی (دەستوەردانەکان) دەبێت.