دكتۆر یاد نەقشبەندی : توشبووانی شێرپەنجە روو لە زیادبوونن

دكتۆر یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بۆ نەخۆشیە شێرپەنجەییەكان دەڵێت، ژمارەی توشبووانی نەخۆشیەكانی شێرپەنجە بە شێوەیەكی بەرچاو روو لە زیادبوونن و رۆژانە 10 حاڵەتی نوێ تۆمار دەكرێن.
دكتۆر یاد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، توشبووانی نەخۆشیەكانی شێرپەنجە بە شێوەیەكی بەرچاو روویان لە زیادبوون كردووە، بەتایبەتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە، رۆژانە چەندین حاڵەتی نوێ تۆمار دەكرێن و بە شێوەیەكی گشتیش رۆژانە 10 حاڵەت تۆمار كراون، 70%ی حاڵەتەكانیش سەربە پارێزگای سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەریین.
سەبارەت بە هۆكارەكان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وتویەتی، لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و گۆڕانی پێكهاتەی تەمەنەوە هەیە، چونكە ئەوانەی تەمەنیان لە سەروو 60 ساڵەوەیە لە زیادبووندان و ئەوانەشی گەنجن و لە نێوان 20 بۆ 30 ساڵیدان بەرەو كەمبوونەوە دەچن.
رێكخراو و كۆمەڵە تەندروستییەكان زەنگی مەترسی لێدەدەن، چونكە بەپێی داتاكان ساڵانە لە سلێمانی نزیكەی 3 هەزار و 600 توشبووی شێرپەنجە تۆمار دەكرێن، پێشبینی ئەوەش دەكەن لە ماوەی 4 ساڵی داهاتوودا 20 هەزار توشبوو لە پارێزگای سلێمانی تۆمار بكرێن.

پەیوەندیدار