وەزارەتی تەندرووستیی عێراق رەیدەگەیەنێت کە گەیشتوونەتەوە لوتکەی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، هەروەک روونیشی کردۆتەوە کە تواناکانیان بۆ دەستنیشانکردنی شێوە گۆڕاوی ئۆمیکڕۆن سنووردارن.
ڕیاز حەلەفی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی گشتیی لە وەزارەتی تەندرووستیی عێراق بە رۆژنامەی “سەباح”ی راگەیاندووە: ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەعێراق گەیشتۆتە 8 هەزار حاڵەتی رۆژانە، کە ئەوەش وەک لوتکەی شەپۆلی چوارەم هەژماردەکرێت.
حەلەفی هەروەک دەڵێت: شێوە گۆڕاوی ئۆمیکڕۆن یەکێکە لە سووکترین زنجیرەکانی کۆڕۆنا، بەڵام لەهەموو شێوەکانی تر خێراتر بڵاودەبێتەوە، کە نیشانەکانی زیاتر لە کۆئەندامی هەناسەی سەروودا دەردەکەوێت، ئەوەش هەر لەسەرەتاوە لەڕێگای لێکۆڵینەوە زانستییە جیهانییەکانەوە سەلمێنراوە، بەڵام رەنگە چەند حاڵەتێک هەبێت پەرە بستێنێت و بەپێی نەخۆشەکان تووشی کۆئەندامی هەناسەی خواروو و سییەکانیش بگرێتەوە.
هەروەک وتویەتی: پشکنین بۆ دەستنیشانکردنی شێوەگۆڕاوەکە، دەلتا بێت یان ئۆمیکڕۆن لەڕێگای بەدوداچوونی جینییەوە دەبێت، بەڵام ناتوانرێت ئەم ڕێکارە بۆ هەموو کەس ئەنجام بدرێت، بەوپێیەی پڕۆسەکە 7بۆ 10 رۆژ دەخایەنێت و قۆناغ بە قۆناغیش دەبێت، ڕوونیشی کردۆتەوە کە تاقیگە ناوەندییەکانی تایبەت بە پۆڵێنکردنی ڤایرۆسەکان، توانای ئەوەیان هەیە ناوبەناو 96 سامپڵ وەربگرن و شێوەکەی دەستنیشان بکەن.
ڕوونیشی کردۆتەوە کە زانینی جۆری شێوەگۆڕاوەکە گرنگ نییە، لەبەرئەوەی چارەسەر و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لێیان هەر هەمان شتە و لە شێوەگۆڕاوێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازیی نییە.