کۆریای باکوور مووشەکێکی دیکەی تاقیکردەوە

کۆریای باکوور مووشەکێکی دیکەی تاقیکردەوە، کۆریای باشوور دەڵێت ئەوە حەوتەمین زنجیرە تاقیکردنەوەی مووشەکە لەلایەن کۆریای باکوورەوە لەمساڵدا، دەشڵێت مووشەکەکە بالیستی بووە و لە دەریای ژاپۆن کەوتووەتە خوارەوە.

سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور راگەیاند: “کۆریای باکوور مووشەکێكی بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن تاقیکردووەتەوە، پێدەچێت مووشەکێكی بالیستی بێت”.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، کۆریای باکوور دەستی کردووە بە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی و تاوەکو ئێستا لە حەوت زنجیرە تاقیکردنەوەدا نۆ مووشەکی تاقیکردووەتەوە، کە بەشێکیان مووشەکی بالیستیی دەنگبڕ بوون و خێراییەکەیان لە کاژێرێکدا زیاتر لە 6 هەزار کیلۆمەترە، ئەوەش لەدوای گوتاری کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021دا دێت، کە تێیدا بەڵێنەکەی بە “نوێکردنەوە”ی سوپای وڵاتەکەی دووپاتکردەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا و بە دیاریکراوی لە 5 و 11ـی مانگی کانوونی دووەمدا، کۆریای باکوور دوو مووشەکی دەنگبڕی تاقیکردەوە. دوای ئەوەش لە 14 و 17ـی ئەم مانگەدا دوو مووشەکی بالیستیی تاقیکردەوە. رۆژی سێشەممەش 25-1-2022 پیۆنگیانگ دوو مووشەکی ژێردەریایی تاقیکردەوە. هەروەها رۆژی 27ی ئەم مانگە دوو مووشەکی دیکەی تاقیکردەوە.

رۆژی هەینی، 28-1-2022، ئاژانسی فەرمی کۆریای باکوور چەند وێنەیەکی کیم جۆنگ ئونی بڵاوکردنەوە کە تێیدا سەردانی ئەمبارێكی چەک و تەقەمەنی کردبوو، ئەوەش لەدوای یەک هەفتە لە هەڕەشەی پیۆنگ یانگ بە دەستکردنەوە بە تاقیکردنەوە مووشەکە بالیستییە دوورمەوداکانی کە لە ساڵی 2007وە رایگرتوون.

لە ساڵی 2019وە، گفتوگۆکانی نێوان کۆریای باکوور و ئەمریکا وەستاون کە ئیدارەی ترەمپ دەستی پێکردبوون و لەو کاتەوە ئابووری کۆریای باکوور تاوەکو دێت خراپتر دەبێت؛ بەهۆی پەتای کۆرۆناشەوە کۆریای باکوور سنوورەکانی بە تەواوەتی داخست، کە بارودۆخی ئابووری وڵاتەکەی زیاتر پەکخست.

پەیوەندیدار