بەرشەلۆنە سورە لەسەر هەڵوێستەکەی و جارێکی تر ڕێگە بە دیمبلی نادات بە درێسی یانەکەیەوە یاری بکات.
پێش کۆتایی هاتنی ماوەی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان، کارگێڕی بەرشەلۆنە داوای لە عوسمان دیمبلی کرد، گەر گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە، ئەوا یانەکە بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بەبێ بەرامبەر لەدەستی نەدات، دەنا جارێکی تر یاری پێناکاتەوە، کە ئەمەش فشارێک بوو بۆ ڕۆیشتنی دیمبلی لە زستاندا، بەڵام لە یانەکەدا مایەوە.
ڕۆژنامەی مۆندۆی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، هەڵوێستی کارگێڕی یانە کەتەلۆنیەکە نەگۆڕاوە و سورە لەسەر ئەوەی جارێکی تر یاری بە هێرشبەرە فەڕەنسیەکە نەکاتەوە.
مۆندۆ ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارەکەی بەرشەلۆنە لەسەر ئەو بنەمایەیە، کە دیمبلی هیچ پابەندبوونێکی بۆ یانەکە نییە و هەربۆیە یانەکە لەگەڵ چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەر کۆدەبێتەوە و ئاگاداری دەکاتەوە، کە یاریکردن بەسەرەکی لە تیپەکەدا بۆ یاریزانە نوێکانی وەک ئەداما تراوری و فیران تۆرێسە.
کارگێڕی بەرشەلۆنە چاوەڕێی بۆچوونی چاڤی دەکات و گەر لەگەڵیاندا ڕێکبکەوێت، ئەوا تا کۆتایی ئەم وەرزە دیمبلی لەسەر کورسی یەدەگ دەهێڵنەوە.
عوسمان دیمبلی 21 ساڵ لە کۆتایی ئەم وەرزەدا گرێبەستەکەی لەگەڵ بەرشەلۆنە کۆتایی دێت و دواتر دەتوانێت بەبێ بەرامبەر پەیوەندی بە هەریانەیەکەوە بکات، کە خۆی بیەوێت.