پوتین: ڕۆژئاوا بەزۆر دەیەوێت ڕووسیا بباتە ناو جەنگەوە

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، ڤڵادیمێر پوتین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی ڕۆژی سێشەممە 1ی شوباتی 2022، ڕۆژئاوا بەوە تۆمەتبار دەکات، کە بە زۆر دەیەوێ بیباتە ناو جەنگەوە و گوێ بە نیگەرانییەکانی و ئاسایشی ڕووسیا نادات.

پاش نزیکەی شەش هەفتە لە تەنگوچەڵەمەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا، دوێنێ بۆ یەکەمجار لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا، کە بەهۆی سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا بۆ ڕووسیا ڕێکخرابوو، ڤڵادیمێر پوتین بە ڕاستەوخۆ لەبارەی کێشەکانی نێوان خۆیان و ڕۆژئاوا دوا.

لە بەشێکی وتەکانیدا وتی، “ئێستا ڕوونە… هەموو داواکارییە سەرەکییەکانی ڕووسی پشتگوێخراون”؛ ئەو لە بەردەوامیی قسەکانیدا ڕایگەیاند، “بیهێننە بەرچاوی خۆتان ئۆکرانیا دەبێتە ئەندام لە ناتۆدا و پاشتریش بیر لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی نیمچەدورگەی کرێمیا دەکاتەوە، لەم کاتەدا ئێمە دەبیت بکەوینە شەڕەوە لەگەڵ ناتۆدا؟ کێ بیری لەوە کردووە؟ کەس.”

لە درێژەی قسەکانیدا پوتین باسی لەوەش کرد، ئەمریکا بە هیچ جۆرێک خەمی ئاسایشی ئۆکرانیای نییە، بەڵکو ئەمریکا دەیەوێ ڕووسیا بگرێت؛ وتیشی، بیانووەکانی ئەمریکا و یارمەتیدانیی هاوپەیمانەکانی، تەنها بیانوویەکە بۆ پاوانخوازیی لە ڕووسیادا.

پەیوەندیدار