وتەبێژی پنتاگۆن دهڵێت، ئۆپەراسیۆنێکیان لە شاری ئیدلیب لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامداوە دژی ئامانجێکی قاعیدە، راشیگەیاندووە، لە داهاتوودا زانیاریی لەبارەی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەوە رادەگەیەنن.
جۆن کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا-پنتاگۆن رایگەیاندووە: هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی دژە تیرۆریان لە باکووری رۆژئاوای سووریا ئەنجامداوە.
وتەبێژی پنتاگۆن ئۆپەراسیۆنەکە بە “سەرکەوتوو” ناودەبات و دەڵێت: هیچ زیانێکی گیانی بە سەربازانی ئەمریکی نەگەیشتووە.
لەبارەی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەشەوە، پنتاگۆن ڕایگەیاندووە “لە داهاتوودا زانیاریی زیاتر لەبارەی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەوە رادەگەیەنین”.
هاوکات رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لەزاری لێکۆڵەرانی ئەمریکییەوە کە چاودێریی ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە، وردەکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئاشکراکردووە کە، “دوای نیوەشەوی رابردوو هێلیکۆپتەری ئەمریکیی هێزێکی کۆماندۆیان گواستووەتەوە بۆ سنووری ئیدلیب و ماڵێکیان لە ناوچەی ئاتما-ی نزیک سنووری تورکیا گەمارۆداوە”.
ئەوەشی روونکردووەتەوە: هێزە ئەمریکییەکە دوای گەمارۆدانی ماڵەکە لە رێگەی بڵندگۆوە داوایان لە ژن و منداڵی ناو ماڵەکە کردووە دووربکەونەوە لە شوێنەکە، پاشان نزیکەی دوو کاتژمێر شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەو ماڵەوە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا دروستبووە، پاشتر فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی ماڵەکەیان بۆردوومان کردووە.
بەیانی ئەمڕۆش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بڵاویکردەوە، “ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییمن دژی ئەندامێکی گومانلێکراوی رێکخراوی قاعیدە لە شارۆچکەی ئاتما لە باکووری سووریا رۆژهەڵاتی ئەنجامدا”.