لە زیلکان لە سنووری باشیک شەش مووشەک ئاراستەی سەربازگەی تورکیا دەکرێن، بەڕێوەبەری ناحیەی زیلکان لەوبارەیەوە رایگەیاند، هێرشەکە “هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە”.
محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری ناحیەی زیلکان راگەیاند، کاژێر 03:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلای موسڵەوە شەش مووشەک ئاراستەی سەربازگەی زیلکان کراون، هەموو مووشەکەکان لە دەوروبەری سەربازگەی تورکیا کەوتوونەتەوە و “هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە”.
بەڕێوەبەری ناحیەی زیلکان ئاماژەی بەوەش کرد، نازانن ئەو مووشەکانە لەلایەن کێوە ئاراستەی سەربازگەکە کراون، بەڵام ئەوەندەی زانیارییان هەبێت، “لەلای موسڵەوە ئاراستەی سەربازگەکە کراون”.
دوای ئەو مووشەکبارانە، گرووپێک بەناوی ‘ئەحرار سنجار” بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە، ئەوان ماوەیەکی زۆر بووە چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵی بوون لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر شنگال وەڵامیان هەبێت، “بەڵام هیچ وەڵامیان نەبووە و بە ئەرکی پاراستنی خەڵکی شنگال هەڵنەستاون، بۆیە بە 18 مووشەک سەربازگەی تورکیایان لە زیلکان کردە ئامانج”.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ساڵێکدا نزیکەی 10 جارە سەربازگەی تورکیا لە زیلکان مووشەکباران دەکرێت، بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە تاوەکو ئێستا سەربازێکی تورکیا و هاووڵاتییەکی عەرەب لە گوندێکی نزیک سەربازگەکە کوژراون و دوو هاونیشتمانیی دیکەش برینداربوون.
لە ساڵی 2016 تورکیا هێزێکی لە سەربازگەی زیلکان لە نزیک باشیک جێگیرکرد، هێزەکە پێکدێت لە 250 سەرباز و 150 هەمەر و چەکی دیکەی قورس.