نرخی نەوت لە سەروی 93 دۆلاردا جێگیربووە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی شوباتی 2022، نرخی نەوت لەجیهاندا بەراورد بە دوێنێ بەرزبووەوە و لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوتی برێنت بە 93.27 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەوەش بەرزترین بەهای نەوتە لە 7 ساڵی رابردودا.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای نەوت بۆ سەروی 93 دۆلار پەیوەندیدارە بە بوونی مەترسی لەسەر وزەی جیهان بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان روسیا و ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئەوەش وایکردوە خواست لەسەر نەوت زیاتر ببێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ وتارەکەی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا دەگەڕێتەوە کە رایگەیاندبوو ئابوریی ئەمریکا بەردەوامە لە بەهێزبوونەوە و بەرگەی بەرزکردنەوەی سودی بانکی دەگرێت.

وتارەکەی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران پێشبینی بکەن کە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لە ساڵی 2022 دا بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە.

بەهای نەوت لە 71 دۆلار و 52 سەنتەوە لە رۆژی دوشەممە 20ی کانونی یەکەمی 2021ەوە، ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 93.27 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هه‌روه‌ها نه‌وتی خاوی تێكساسیش گه‌یشته‌ 92.31 دۆلار.

پەیوەندیدار