وەزارەتی پێشمەرگە سەركەوتنی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی راگەیاند

شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە دەڵێت: قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عیراقی لەسنوری میحوەرەكانی پێنج و شەش بەسەركەوتویی كۆتایی هات.

لە راگەیەندراوێکدا شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکردوە، دوای زنجیرەیەك كۆبونەوەی هاوبەش لەنێوان فەرماندە سەربازییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراقی لەپێناو نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی، سەعات 10ی رۆژی (7/2/2022)، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراقی لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان و باكور و رۆژهەڵاتی چیای قەرەچوغ بەڕێوەچو.

ئەوەشی خستوەتەڕو: لەهێزەكانی پێشمەرگە میحوەرەكانی ٥ و ٦ و لیواكانی پیادەی (٢، ١٠، ١٤، ١٨)، بەتالیۆنی كۆماندۆ لەگەڵ هەردو یەكەی تایبەتی میحوەرەكانی ٥ و ٦، لە هێزەكانی سوپای عێراقیش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك (بارەگای پێشكەوتو) بەشدارییان تێدا كرد.

شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە راشیگەیاند: ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەكە، كێوماڵ كردنی ناوچەكانی بۆشایی ئەمنی بو، كە دەكەونە سنوری ناحیەی سەرگەڕان و پەلكانەو باكور و رۆژهەڵاتی چیای قەرەچوغ.

دەشڵێت: لەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەدا، توانراوە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی دیاری كراو بەتەواوەتی كێوماڵ بكرێت و هەردولا، هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراقی لەخاڵی بەیەك گەیشتندا، سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكەیان راگەیاند.

پەیوەندیدار