تەرمی دانەری 10 مانگ دۆزرایەوە

ئا : بێستون لەتیف – ئێستانیوز

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای كرد، تەرمی ئەو منداڵە 10 مانگەی لە لافاوەكەی هەولێر خنكا لە نزیك گوندێكی ناحیەی شەمامك دۆزراوەتەوە.
پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، هێزەكانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر “بنكەی پۆلیسی شەمامك” كاژێر 06:00ی بەیانی دوای گەڕانێكی ورد و چڕ لە نزیك گوندی سیاو تەرمی منداڵێكیان دۆزییەوە كە پێكهاتبوو لە كەللەسەر و ئێسك و پروسك.
لای خۆیەوە رائید سەركەوت كاڕەش وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەداوە، دڵنیابووینەتەوە كە تەرمی دانەر نەبەزی 10 مانگە و لە یەكێك لە گوندەكانی سنوری شەمامك دۆزراوەتەوە.
رۆژی 17ی 12ی 2021 بەهۆی بارانی بەلێزمەوە، لافاو شاری هەولێری گرتەوە و بەهۆیەوە 12 كەس گیانیان لەدەستدا، كە یەكیان منداڵێك بوو بەناوی دانەر و تەرمەكەی بێسەروشوێن ببوو.

پەیوەندیدار