مەزڵوم كۆبانێ: رژێمی سوریا دەیەوێت بگەڕێتەوە پێش ساڵی 2011 ئەوەش جێگای قبوڵكردن نیە

ئا : بێستون لەتیف – ئێستانیوز

مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” رایگەیاند، حكومەتی سوریا داوا دەكات بگەڕێنەوە بۆ پێش رووداوەكانی ساڵی 2011، بەڵام ئەوە قبوڵ ناكەن.
كۆبانێ رایگەیاندووە، باوەڕیان وایە بەبێ ئەمریكا چارەسەری سیاسی لە سوریا بەدەستنایەت، گرنگە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی سیاسی و دەبێت لەم بوارەدا رۆڵ بگێڕێت و ئەمەش بۆچوونی ئەوانە.
رونیشیكردووەتەوە، مەبەستی ئەوەیە رۆڵی واشنتن تەنیا بۆ شەڕی داعش نییە و رۆڵی ئەو وڵاتە بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسیش زۆر پێویستە، تەنیا رێگە بۆ لەنێوبردنی داعش بریتییە لە بوونی چارەسەرێكی سیاسی.
فەرماندەی هەسەدە لە بەشێكی تری قسەكانیدا جەختی لەوە كردووەتەوە، دەیانەوێت بگەنە رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ رژێمی سوریا و هەندێك پەیوەندییان پێكەوە هەیە بەڵام نەگەیشتوونەتە خاڵێك كە رێككەوتن هەبێت، چونكە رژێمی سوریا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2011، واتە بۆ پێش رووداوەكانی ئەو ساڵە و ئەوەش گونجاو نییە و پێیان وتوون ناكرێت بگەڕێینەوە بۆ پێش دۆخی روداوەكان.

پەیوەندیدار