حەوت وڵاتی عەرەبی داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن ئۆکراینا جێبهێڵن

حەوت وڵاتی عەرەبی داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن ئۆکراینا جێبهێڵن، هاوکات هۆشدارییان داوە بەو گەشتیارانەی کە لە ئێستادا نیازی گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتە هەیە، گەشتەکانیان دوابخەن.

هەریەک لە باڵیۆزخانەی ئیمارات، مەغریب و سعوودیە لە کیێڤ و وەزارەتی دەرەوەی هەریەک لە کوێت، عێراق، ئوردن و فەڵەستین لە راگەیەندراوی جیاجیادا داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە دەستبەجێ ئۆکراینا جێبهێڵن.

لەو راگەیەندراوانەدا هەروەها هۆشدارییان بەو گەشتیارانە داوە کە لە ئێستادا نیازی گەشتکردنیان بۆ ئۆکراینا هەیە، گەشتەکانیان دوابخەن.

رۆژی هەینی، یەکێتیی ئەورووپا داوای لە کارمەندانی دیپلۆماتی کردبوو بەتایبەت ئەوانەی کە پێویست بە مانەوە ناکات لە ئۆکراینادا، دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

هاوکات هەریەک لە بەریتانیا، کەنەدا، دانیمارک، نەرویج و هۆڵەندا داوایان لە هاووڵاتییانی وڵاتەکانیان کردبوو کە بەهۆی ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە، ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

وڵاتانی رۆژئاوا لە سەروویانەوە ئەمریکا، رووسیا بە بڵاوپێکردنی هێزی سەربازیی لە نزیک سنووری ئۆکراینا تۆمەتبار دەکەن، لە بەرامبەردا مۆسکۆ ئەو تۆمەتانە لەبارەی جموجۆڵی سەربازیی لەنێو خاکی وڵاتەکەیدا رەتدەکاتەوە و ئەوەیشی رەتکردووەتەوە کە پلانی داگیرکردنی ئۆکراینای هەبێت.

پەیوەندیدار