ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە لە نێوەڕاستی مانگی سێی ئەمساڵەوە ڤیزە بۆ هاتووچۆ لە رێگە وشکانییەکانی نێوان هەردوو وڵات لابەرن و هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ ڤیزە هاتووچۆبکەن.
مەسجدی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 رایگەیاند، هاتووچۆ لە رێگە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و عێراق پێویستیی بە ڤیزە نییە و گەشتیاران و زیارەتکاران بەبێ ڤیزە دەتوانن هاتووچۆی هەردوو وڵات بکەن.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران 10-02-2021، کە ئەو کات سەرۆکی دەزگای داد بوو، سەردانی عێراقی کرد، لە کۆبوونەوە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا داوایکرد بۆ ئاسانکاریی لە هاتووچۆی زیارەتکاراندا ڤیزە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەڵگیرێت.