60 كەس كاندیدن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار

بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، ژمارەی كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار گەیشتە 60 كاندید پاش دووبارە كردنەوەی دەرگای پێشكەشكردن و دەشڵێت، تائێستا وادەی ئەنجامدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك دیارینەكراوە.

بەیدا‌و خزر، بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، 24 پێشكەشكار داواكاری خۆكاندیدكردنیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە كردنەوەی یەكەمجاری دەرگای خۆپاڵاوتن وەرگیران، دوای ئەوەی چوارشەممەی ڕابردووش جارێكی دیكە دەرگای خۆكاندیدكردن كرایەوە، ژمارەكە بۆ 60 كاندید بەرزبووەوە.

وتیشی، ئاشكراكردن و بڵاوكردنەوەی ناوی كاندیدانی پێشكەشكراو تەنها لەدەست دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەراندایە.

بڕیاردەری ئەنجومەنەكە ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەی وردبینیكردنی ناوی كاندیدان لەلایەن یاساییەكانی ئەنجومەن و دواتریش لیژنەی تایبەت بە تاوتوێكردنی ناوی كاندیدان دەبێت، دواتر دەچێتە دەستەی دەستپاكی و پاشانیش ئەنجومەنی باڵای دادوەری.

ڕوونیشیكردەوە، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران تائێستا وادەیەكی نوێی بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیارینەكردووە.

لە 7ی ئەم مانگە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار شكستیهێنا دوای ئەوەی زۆرینەی فراكسیۆنەكان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.

دوابەدوای ئەوەش سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە دووبارە دەرگای خۆكاندیدكردنی كردەوە و دوێنێش دادگای باڵا خۆكاندیدكردنی هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی بۆ ئەو پۆستە ڕەتكردەوە بەهۆی ئەو دۆسیانەی لە ڕابردوودا لەسەر ناوبراو هەبوون و تائێستا یەكلانەبوونەتەوە.

پەیوەندیدار